بەشی یەکەم: سنوورە خوێناویەکان و خیانەت
دوای کۆتایی هاتنی شەڕە جیهانییەکان، کاتێک کۆلۆنیالیستەکان سەرقاڵی دووبارە دابەشکردنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون، زێدی کوردان لە ناوچەکەدا بە سنووری نوێی نەتەوەیی پارچە پارچە بوو.
جوگرافیای کوردستان پێشتر لە سەدەی ١٦ (جەنگی چاڵدێران) لە نێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکان بە دوو بەشدا دابەشکرابوو و دوای شەڕە جیهانییەکان و ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی، بەسەر چوار بەشدا دابەشکرا و لەلایەن دەوڵەتە نەتەوەییە تازە دامەزراوەکانەوە (تورکیا، عێراق، ئێران، و سوریا) هاتە داگیرکردن.
ئەو سنوورانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا و فەرەنسا و لە چوارچێوەی ڕێکەوتننامەی لۆزان و سایکس پیکۆدا کێشراون.
ئەم کارەساتە مێژووییە بە ڕەزامەندی خەڵکی ڕەسەنی کورد ئەنجام نەدرا، بەڵکو بە بێ ئاگایی ئەوان لە داهاتووی خوێناوی خۆیان ئەنجامدرا.
کورد، گەلێکی بێ دەوڵەت کە هەزاران ساڵ لە سێبەری چیاکانی زاگرۆس-تاوروس و زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەشتەکانی میزۆپۆتامیادا ژیاوە، لەناکاو خۆی لەناو دیوارە ساردەکانی سنوورە دەستکردەکاندا بینیەوە؛ ئەو سنوورانەی کە تاکە ئەرکیان جیاکردنەوە و کۆنترۆڵکردن و سەرکوتکردن بوو.
نەتەوەیەک لە یەک ڕەگ و ڕیشە و زمان، بە سنوورێک جیاکراونەتەوە کە شوناس و زمانێکی دیکەی بەسەریاندا سەپاندووە. ئەو کۆڵبەرانەی ژیانیان بە تیغی سنوور بڕاوە، ئەو کێڵگانەی کە چیدی تەنیا هێشووی مینی لێ دروێنە دەکرێت!
لە هەرلایەکی ئەم سنوورانە، دیمەنەک لە بەسەرهاتە دووپاتە بووەکان بەدیی دەکرێت: زمانێکی قەدەغەکراو، کولتوورێکی ئاسمیلەکراو، دڵسۆزی ئێعدام کراو یان دەربەدەر، بەرەنگاربوونەوەی سەدان ساڵە لە دژی دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکان کە مافی چارە نووسینی گەلی کورد وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دەسەڵاتی خۆیان دەبینن.
ئەم سنوورانە نەتەنیا جوگرافیای کوردستانیان پارچە پارچە کرد، بەڵکو هەستو یادەوەریی بەکۆمەڵی گەلی کوردیان بریندار کرد؛ برینێک کە هێستا ساڕێژ نەبووەتەوە و هەموو ڕۆژێک بە خوێنی تازەی ئازادیخوازان و تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاری سەرلەنوێ خوێنی لێ دەتکێتەوە.
کوردستان ئەو وڵاتەیە کە لە چەند سەدەی ڕابردوودا شاهیدی دەیان ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە بووە لەوانە:
ڕاپەڕینی بەدرخان 1843 –
ڕاپەڕینی نەهریە 1880 –
ڕاپەڕینی سمکۆ شکاک 1918 –
ڕاپەڕینی شێخ سەعید پیران 1925 –
ڕاپەڕینی ئارارات 1927 –
دامەزراندنی کۆماری مەهاباد 1946.
لە ڕێگای ڕزگارکردنی کوردستان لە بندەستی ئیمپراتۆریەت و دەوڵەتە تۆتالیتارەکان.
هه ڕوه ها له سه ڕده می هاوچه ڕخ دا، پارته کوردیه کان به خه باتی سیاسی و چه کداری هه وڵیان بۆ چاره سه ڕکردنی کێشه که داوه ، هه ڕچه نده به هۆی سروشتی ئایدیۆلۆژیی پێکهاته حزبییه کانە وه له یه کگرتوویی و دۆزینه وه ی چاره سه ڕی کاریگەر دوور مانەوە.
بەشی دووەم: کۆنفیدرالیزمی دموکراتیک؛ ڕوانگەیەکی ڕزگارکەر بۆ کوردستان و هەموو ولاتانی بندەست.
ئەوە تەنیا دروشمێک نابێت ئەگەر بڵێم لەناو ئەو تاریکییەی کە دنیای سیاسەت پێشکەشی کوردستانی کردووە، ئێستا چرایەکی ئومێد لە دڵی بەرخۆدانەوە سەری هەڵداوە: “کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک” وەڵامێکە لە ئاسۆی کۆمەڵگا خۆبەڕێوەبەر و دیموکراتییەکان کە لە ئەزموونی چەند سەدە خەباتی شۆڕشگێڕانە لە جوگرافیای کوردستاندا سەر هەڵدەدات.
پارادایمێک کە لەبری بەرهەم هێنانەوەی مۆدێلی ڕزیوی دەوڵەت-نەتەوە پاوانخوازەکان، بەرەو دموکراسی ڕاستەوخۆ و خۆڕێکخستنی جەماوەری، دادپەروەری ڕەگەزی، کۆمەڵگای ئیکۆلۆژی، پێکەوە ژیانی ئاشتیانە هەنگاو دەنێت.
ئەم تیۆریە شۆڕشگێڕییە کە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان بیرمەند و زیندانی سیاسیی کوردەوە دامەزرا، نەک هەر تیۆرێکی سیاسی، بەڵکو پڕۆژەیەکی زیندوو و بەدیهێنەریشە.
لە ڕۆژئاوای کوردستان بەشێک لەم سیستەمە سەرەڕای شەڕ و گەمارۆ بە کردەوە جێبەجێ کراون: کانتۆنە خۆبەڕێوەبەرەکان، کۆمۆنەکان، ئەنجومەنەکان، سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، بەشداری یەکسانی ژنان و پێکەوەژیانی فرە نەتەوەیی نیشان دەدەن کە ڕێگایەکی دیکە مومکینە.
هەر ئەم “ئەویتربوونە” بەرەی سێیەم دەستپێدەکات و تاوانباران و چەتە تیرۆریستەکان لەناو دەبات. ناکارامەیی و گەندەڵی سیستەمی سەرمایە داری دەردەخات و ڕووبەڕووی هەڵوەشاندنەوە و لە ناوچوونی دەکات.
لە کۆنفیدرالیزمی دموکراتیک دا دەسەڵات لە ژێر دەستی ناوەند یان چینێکی ئەرستۆکراتی یان ئەشرافی دا نەماوە؛ بەڵکوو لە شەقام ، لە گەڕەک، لە کۆمۆنەکاندایە. بڕیارەکان لە خوارەوە بۆ سەرەوە دەدرێن و کۆمەڵگا وەک تۆڕێک لە ئەنجومەنە بەیەکەوە گرێدراو و کۆدەنگییەکان ڕێکدەخرێت.
ئەم فۆرمەی بایۆپۆلیتیکی کۆمەڵایەتی-سیاسی تەنیا چارەسەرێک نییە بۆ پرسی کورد، بەڵکو وەڵامێکی جیهانییە بۆ قەیرانەکانی سەرمایەداری، دەوڵەت سەنتەربوون، کێشە کۆمەڵایەتییەکان و تێکدانی ژینگە.
کوردستان: لە قوربانیی مێژووەوە بۆ دەستپێشخەری داهاتوو
پارادایمی کۆنفیدرالیزمی دموکراتیک ڕێگە بە کوردستان دەدات لە قوربانیی مێژووەوە بگۆڕێت بۆ بزوێنەری گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئەم ڕێگایە بە موزایەدەکردن لەگەڵ حکومەتەکاندا تێناپەڕێت، نە بە سندوقی دەنگدانی ساختە، بەڵکو لە ڕێگەی بنیاتنانی دامەزراوەی جەماوەری، بەرخۆدان، هاودەنگیی نێونەتەوەیی، شکاندنی چوارچێوە سەپێنراوەکانەوە تێدەپەڕێت.
کوردستان، لە دڵی برینەکانیدا، هەڵگری هیوایەکی گەورە یە؛ هیوایەک کە لەگەڵ مەشخەڵی هۆشیاری و بەرخۆداندا دەژی و لەگەڵ هەر هەنگاوێکی ژنان و قەڵای گەنجان و هەموو کۆمۆنە تازە پێگەیشتوەکان زیاتر گەشاوە دەبێت.
ئێستا پەیامەکە ڕوونە؛
بەرخۆدانی کوردستان وانەیێکی فێرکردین کە زۆر گرنگە بۆ هەموو کۆمەڵگا مرۆڤایەتییەکان و بە تایبەت گەلانی ستەملێکراو.
کوردەکان 3000 ساڵ پێش ئێستا به خۆڕێکخستن و پێکهێنانی یەکێتی گەلانی چەوساوە، گەورەترین و خوێناویترین ئیمپراتۆریەتی جیهانی لە سەردەمی ئاشوربانیپاڵ دا سڕییەوە و لە داهاتوودا بە دروست بوونی کۆمەڵگا خۆبەڕێوەبەرەکان و بەدیلەکەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک سیستەمی سەرمایەداری کە هۆکاری قەیران و مرۆڤکوژیە، ڕادەستی دادگای مێژوو دەکات.
ئەگەر لە سەردەمی شەڕی سارددا گێژەڵوکەی دەسەڵاتە ڕاست و چەپەکان هەمووانی گرتبووەوە، ئەمڕۆ تاکە بەدیلێکی مومکین ڕزگاربوونە لە حکومەتە تۆتالیتار و سەرکوتکەرەکان. کوردستان هەنگاوی ناوە بۆ گواستنەوە بۆ شارستانیەت و سیستەمێکی ئاڵترناتیو (کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک ). ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ لەناوبردنی هەژموون و پاوانخوازی و گروپە تیرۆریستییە جیهادیەکان.
بژی ئازادی،
بژی هاودەنگی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی،
لە ناوو چێت ستەمکار و هەموو ئەوانەی لە سەر ڕێگای شۆڕشی کۆمەڵایەتی دا وەستاون.ذ