ئەگەرچی لەسەر قاقەز و بەپێی گێڕانەوەی مێژوونووسانی چەپپی کلاسیک، پاش تەمڕەوانەوەی شەڕی سارد، جیهانی دوو جەمسەری (جەمسەری سۆسیالیزم لەبەرامبەر ئیمپڕیالیزم) لێک هەڵوەشاوە؛ بەڵام زۆر زووتر (لە پاش کۆچی لینین)، ستالین بە سەرکوتی بەرینی مێنشوویکەکان، سەرکوتی ویکتۆر ماخنۆ و بزووتنەوەی ئانارشیستیی ئۆکڕاین، داگیرکردنی چەن وڵاتی بالێتیک وەک ئیستۆنی، لیتۆنی و لیتوانی لەپاش ڕزگارکردنیان لەدەستی ئاڵمانی نازی (کە پێشتر لە سەردەمی لینیندا مافی دیاریکردنی چارەنووسیان دەستەبەر کرابوو؛ وە لە سۆڤیەت جوێ ببوونەوە) چەخماغەی بەلاڕێداچوونی سۆڤیەت و لێکهەڵوەشانەوەی، وە لە ئاکامدا هاتنەدیی گەرای سۆسیال-ئیمپڕیالیزم لە جیهانی لێدابوو. بەڵام پێش کۆتایی هاتنی شەڕی سارد (١٩٩١) و لیکهەڵوەشانەوەی سۆڤیەت، ئەگەرچی بەسۆنگەی بەرژەوەندیخوازی، کێبڕکێی ئیمپڕیالیستی و لەداخی بلووکی ڕۆژاوا(غەرب) و ئامریکاش بێت، کەم و زۆر بلووکی ڕۆژهەڵات (سۆڤیەت و چین) یارمەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلانی ژێردەستە و بەگشتی ئەو لایەن ووڵاتانەیان دەدا، کە جەوهەری دژە-ئیمپڕیالیستییان تێدا بەدی دەکرا (وەک کامبۆوج، لائۆس، کۆریا، ڤییەتنام و هتد). بەڵام لە پاش کۆتاییهاتنی ئەو ملە ئیمپڕیالیستییە، سەرهەڵدانی جیهانی فرە جەمسەریی سەرمایەداری و هەڵگیرسانی کێبڕکێی ناوخۆیی لەنێوان وڵاتانی سەرمایەداریدا، بزووتنەوەی گەلانی ژێردەستە و لایەنە دیمۆکڕات و ئازادیخوازەکانیش لەو کەوڵە بێبەری بوون و بگرە هەتیو و بێدەرەتانیش کەوتن و ئیستاکە نەوت، کانگا سروشتییەکان، هێزی کاری هەرزانبایی، کۆمپانیا چەندنەتەوەییەکان و هتد، لەتەک وزەبەخشین و پتەوکردنی هێزی ڕزگاریخواز و دێموکڕاتیک جێگۆڕکەیان کردووە و کولتوور و دابونەریتی بۆڕژوائی-ڕۆژاواییش، جێگەی پاڕادایمی دژە-ئیمپڕیالیستی و سۆسیالیستییان گرتووەتەوە!
***
شۆڕشی گەلانی سووریا، کە پێشتریش لەچوارچێوەی پڕۆسەیەکی مەندی ناڕەزایەتی لەبەرامبەر فاشیزمی عەڕەب و خەفەقانی ئەسەددا هەر لە گۆڕێدا بوو، وە بە سەرهەڵدانی داعش و خۆڕێکخستن و بەرگرینواندنی مێژوویی گەلی کورد تەقییەوە، بەرە بەرە کۆمەڵانی خەڵکی لەو سڕی و سرکییەی بەهۆکارگەلی جۆراوجۆری ژێئۆپۆلیتیک و سیاسی بەسەر بیروڕای گشتی و مرۆی کورددا زاڵ ببوو،دەرباز کرد و بە ئێستاشەوە لە حەولی بونیاتنانی بناغەیەکی پتەو، بۆ داڕشتنی دیسکۆڕسێکی میللی-دێموکڕاتێکی کوردییە لەو پارچەیەی کوردستاندا [ شیکردنەوە و چەندیوچۆنی زێدەتری ئەو بابەتە، لە چوارچێوەی ئەو یادداشتەدا ناگونجێ؛ بۆیەش خۆ دەپارێزرێ]. بەڵام شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستان، لەدرێژەی ڕەوتی گەشەی خۆیدا، بە هۆکارگەلی هەلومەرجی پێگەی زلهێزەکان و کێبڕکێی وڵاتە ئیمپڕیالیستییەکان (کە لە پێشوودا باسی لێکرا)، تووشی بە تووشی سەرلێشێواوی و چەندڕێیانییەکی سیاسیی قووڵەوە بووە و ئێستاکە قۆناغێکی زۆر هەستیار و مێژوویی تێپەڕ دەکات! [بە ڕادەیەک کە ڕووداوی وەک کۆڕبەندی تاران، کۆڕبەندی مۆسکۆ، هەڵبژاردنی تورکیا و تەنانەت گۆڕانکارییەکانی سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش تێیدا کارتێکەری هەیە!]
یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی هەڵپەسارتەیی ئەو شۆڕشە، بۆ دۆخی ناوخۆی ڕۆژاوای کوردستان و سوریا، واتە قەیرانی ناسەقامگیریی سیاسی و بوونی بەرەی جۆراوجۆری سیاسیی دژ بە یەک دەگەڕێتەوە. لە لایەکەوە دەسهەڵاتێکی ناوەندیی لاواز، چ لە ڕەهەندی دیپڵۆماتیک و پێگەی نێو-نەتەوەییەوە، چ لە ڕەهەندی سەقامگیریی نێوخۆیی و لۆجستیکییەوە بوونی هەیە؛ کە سەرەڕای ئەوەیکە پێگەیەکی جەماوەریی هوڵۆڵی هەیە، نە ئامادەی بەپیلەوەچوونی داواکارییەکانی گەلانی سووریایە و نە دەست لە پەلەفرتێی فەوتانیشی هەڵدەگرێت. لە بەرامبەردا دوو ئۆپۆزسیۆنی ناتەبا و دژبەیەک، بە جیاوازیی بەرژەوەندی و قازانجی سیاسی، وە گرینگتر ئیدئۆلۆژیکەوە بوونیان هەیە [ه.س.د کە هەندێک جار مەیلەو ڕۆژاوا(غەرب)ـە و هەندێک جاریش مەیلەو ڕووسیا؛ لە بەرامبەر ئەرتەشی ئازادی سووریا کە ڕاستەوخۆ لغاوی لەدەستی تورکیا دایە].
دەسهەڵاتی ناوەندی سەرەڕای ئەوەیکە قۆناغێکی ڕژد و ناهەموار دەپێوێ، هەروا پابەندی دابونەریتە کۆنەکانییەتی و هێڵی سووری، هاوپەیمانێتیی ڕۆژاوا(غەرب) و بەتایبەت ئامریکایە! هەر لەسەر ئەو بنەمایەشدایە بەدرێژایی نزیک بە دوو دەیە، بەرتیل و دەمچێشتانەی قۆڕس دەبژێرێت! ئەو سیاسەتەش بەدرێژایی ساڵیانی ساڵە، بووەتە سەرچاوەیەکی داهاتی قازانجی سیاسی/ئابووریی بەپێز، بۆ ئیمپڕیالیزمی ڕووسیا و دەستوپەیوەندەکانی…! لە بەرامبەردا دوو بەرەی سیاسیی دیکەش بوونی هەیە، کە سەرجەم جووڵە و چالاکییەکانیان هەقلیمەقۆی بەرژەوەندییە و ڕێگە بۆ سواربوونی هەر هێزێک ئاوەڵەیە! ئەگەرچی تێڕوانینێکی ڕادیکاڵیستی بۆ بابەت بکەین و دەست لە بنج و بناوانی دۆزەکە گیر کەین، لە پێپلیکانی دووهەمدا، چەندە مانەوەی دەسهەڵاتی ناوەند لە پەرەڵێڵی بەرژەوەندییەکانی ڕووسیادا گرینگە، ئەوەندەی دیش ڕاوەستاوەیی شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستان بۆ ئامریکا و ڕۆژاوا(غەرب) گرینگی هەیە. واتە مانەوەی شۆڕش بەردەوامی، تەنیا دەلاقەیەکە بەرەوڕووی دانوستان و وەچنگکەوتنی نەوتی ڕۆژاوای کوردستان و سووریا؛ وە نەمانیشی بەواتای دەستشوتنەوە لەو غەنیمەتەیە! لەتەنیشتیشەوە گەشە و پەرەئەستاندنی شۆڕش و دەربازبوون لەو هەڵپەسارتەیی و بێچارەنووسییە، کە سەرەنجامی سەربەستی و سەربەخۆیی بڕیاردانییەتی، مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر بەرژەوەندییە ئابووری-سیاسییەکانی ئامریکا. لە بەرامبەردا پاش وەدەستهێنانی سەرکەوتنە ئیڕادییەکانی گەلی کورد و بوونە ڕۆژەڤی ڕێکخستنە مۆدێڕنەکەی و لەئاکامدا بەرخۆدانە مێژووییەکەی لە دژی داعش [ئەگەرچی دەستی دەرەکی و پشتی پەردەییشی لەپشت بووبێت و پیلانبۆداڕێژراو بێت!]، ڕووسیا هەستی بە پێگەی جەماوەریی پتەوی شۆڕش کردووە و لەپێناو ملەی ئامریکا و ڕۆژاوا(غەرب)دا، لە نێوان دووڕێیانیی ڕاگرتنی دڵی کورد و هاوپەیمانە لەمێژینەکەی واتە سووریادا، دەستەوئەژنۆ ماوەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، چ ئامریکا و ڕۆژاوا(غەرب)، وە چ ڕووسیا و سەرجەم هێزە بەشداربووەکانیتری قڕەی نێوخۆی سووریاش، زیاترین قازانج لە باڵانسی هەرسێک هێزەکە و لە کۆتادا بەردەوامی ناسەقامگیریی سیاسی و هەڵپەسارتەیی دۆزی گەلانی سووریادا، لەڕێگەی دانوستانی چەکوچۆڵ، ئەستاندنی کەلەپووڕی ئابووری-سیاسی، گەڵاڵەی ئابووری و تاڵانکاریی بەفەرمی و ئاشکرای کانگا و سامانە سروشتییەکانی ئەو وڵاتەدا دەبینن…!
✍شۆڕش
**نیگارە دەسکردی «نامۆ»یە