جیاوازی شۆڕشی ژنان و پێکهاتەی سەرمایەداری
سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی ژن ژیان ئازادی ڕەهەندگەلێکی هەیە کە لە چەند ڕوویەکەوە لەگەڵ سیستەمی سەرمایەداریدا ناکۆکن. ژن-ژیان-ئازادی پێش هەموو شتێک دژی دەسەڵاتی پیاوسالارییە کە دەیەوێت ئیرادەی ژن لە کۆمەڵگادا لە ڕێگەی سەرپەرشتیکردن و ڕاسپاردن لە لایەن باوک و برا و مێردەوە ببەستێتەوە.
لە پلەی دووەمدا سەرهەڵدانی ژنان یاخیبوونە لە کاردانەوەی نەریتی ئایینی کە چەند هەزار ساڵە بە سێکس و بە کاڵاکردن و پشتگوێخستنی توانا مرۆییەکانی ژنان شەرعیەتیان داوە بە ژێردەستەیی ژنان لەلایەن ڕەگەزی نێرەوە.
لە پلەی سێهەمدا ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادی لەدژی کۆی هەیکەلی حوکمڕانی سیاسی و ئەو میکانیزمەیە کە بووەتە هۆی زیندانیکردنی توانا و بەهرە و ئیرادەی ژنان لە ڕێگەی دەزگای ئایینی و هەروەها بنەماڵە، کەواتە ڕوونترە ئەگەر بڵێین هۆکاری سەرەکی ستەم و کوشتن و ژێردەستەیی ژنان لە ڕاستیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەروەری دەسەڵات . ئەوە حکومەتی سیاسییە کە ئەم وەهمە زەلیلکەرەی دژ بە ژنان لە ڕێگەی دامەزراوەی ئایینیەوە گەیاندۆتە ناو خێزان.
کۆتایی نایەت و هەموو حکومەتێک دەگرێتەوە، بۆیە دەبینین بزووتنەوە فێمینیستەکان لە هەموو وڵاتان لەبەردەم ئەو چەوساندنەوە ڕەگەزییە وەستاون کە حکومەتەکانی ناو سیستەمی سەرمایەداری هۆکارن. سیستەمی سەرمایەداری لە وڵاتانی بەناو جیهانی یەکەمدا بە سپاردنی پۆستێکی حکومی بە ژنێک، هەوڵی شاردنەوەی هەموو ئەو جیاکارییە دامەزراوەییانەی دژی ژنان بە دیماگۆگێری دەدات. بە گشتی ژنان هەمیشە سنووردارترن بۆ دۆزینەوەی کار و داهاتی کەمتر، بەڵام بۆ ڕیکلامی بەرهەمی کۆمپانیاکان یان بازاڕی دابینکردن و داواکاری سێکسی، هەمیشە جەستەیان دەقۆزرێتەوە و سووکایەتی پێدەکرێت تا ئەم قۆناغەی مێژوو.
“شۆڕشی داهاتوو شۆڕشی ژنانە”