بۆچی «ژن، ژیان، ئازادی» لە هەموو دروشمەکانی تر جیاوازترە؟

بۆچی «ژن، ژیان، ئازادی» لە هەموو دروشمەکانی تر جیاوازترە؟

✍️ (J)

درووشمی «ژن، ژیان، ئازادی» لەگەڵ ئەوەی زۆر سادە و بۆ هەمووان تێگەیشتن لێی ئاسانە، هەڵگری تێڕوانینێکی قووڵی مێژوویی و سیاسییە. جیاوازیی ئەم دروشمە لەگەڵ دروشمەکانی وەک «کار، سەرپەنا، ئازادی» یان «نان، پەروەردە ، ئازادی» لەوەدایە کە ئەوان زۆرجار لە ئاستی داواکاری لە دەسەڵاتدا دەمێننەوە، بەڵام «ژن، ژیان، ئازادی» بنەمای پەیوەندییەکانی دەسەڵات و زاڵبوون دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

کار، سەرپەنا و خوێندن پێویستییە بنەڕەتییەکانی ژیانن، بەڵام دابینبوونیان بە تەنیایی بە مانای ئازادی نییە. مێژوو نیشانی داوە کە زۆر لە ڕژێمە ناوەندگەر و سەرکوتکەرەکانیش توانیویانە بەشێک لەم پێویستییانە دابین بکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا نایەکسانی، سەرکوتی سیاسی و زاڵبوونی کەمینەیەکی دەسەڵاتدار بەردەوام بووە.

هاتنی وشەی «ژن» لە سەرەتای دروشمەکە ڕێکەوت نییە. ژن لە درێژایی مێژوودا یەکێک بووە لە یەکەم و بەردەوامترین قوربانییەکانی زاڵبوون و چەوساندنەوە. بۆیە ئازادیی ژن تەنها بەرگری لە مافەکانی نیوەی کۆمەڵگا نییە، بەڵکوو هێرشێکە بۆ سەر کۆنترین شێوەکانی زاڵبوون و چینایەتی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.

زۆر لە تێڕوانینە ڕزگاریخوازانە کان پێیان وایە کە زاڵبوون بەسەر ژن دا یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی دروستبوونی چینایەتی، پلەبەندیی کۆمەڵایەتی و کۆکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی کەمینەیەکدا. لەبەر ئەوە، ئازادیی ژن تەنها داواکارییەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو پێوەرێکە بۆ پێوانەکردنی ئاستی ئازادیی هەموو کۆمەڵگا.

هەروەها «ژیان» و «ئازادی»ش بە نرخ و مافگەلێکی گشتگیر ئاماژە دەکەن کە سنووردار بە هیچ ئایدیۆلۆژیا، دەوڵەت یان ناسنامەیەکی تایبەت نین.

لە هەمان کاتدا کە بزوتنەوەی ژینا ڕوو لە گەشە کردن بوو، دروشمی وەک «پیاو، نیشتمان، ئاوەدانی»ش هاتە ئاراوە. گرنگیی ئەم دژایەتییە لە جیاوازیی وشەکاندا نییە، بەڵکوو لە جیاوازیی دوو تێڕوانینە لە کۆمەڵگا و داهاتوو.
ئەگەر «ژن، ژیان، ئازادی» لە ئازادیی مرۆڤ و ڕەخنەگرتن لە زاڵبوون دەست پێدەکات، «پیاو، نیشتمان، ئاوەدانی» جارێکی تر پیاو، نەتەوە و ئەو چەمکانە دەخاتە ناوەند کە لە مێژوودا زۆرجار بە دەسەڵات، ناسیۆنالیزم و دووبارەبەرهەمهێنانی پلەبەندیی کۆمەڵایەتی پەیوەست بوون.

بۆیە زۆر کەس ئەم دروشمە بە درێژەی هەمان ڕێکخستنی دەسەڵات دەبینن، نەک وەک گۆڕینی بنەڕەتیی ئەو سیستەمە. لێرەدا بابەتەکە تەنها هەڵبژاردنی نێوان دوو دروشم نییە، بەڵکوو نێوان دوو تێگەیشتنی جیاوازە لە ئازادی و ڕێکخستنی کۆمەڵگا.

بۆیە «ژن، ژیان، ئازادی» نابێت تەنها وەک دروشمێکی ناڕەزایەتی یان داواکاری ببینرێت. ئەم دروشمە داوای بەشێکی زیاتر لە دەسەڵات ناکات، بەڵکوو داوای گۆڕینی خودی پەیوەندییەکانی دەسەڵات دەکات. مەبەستی تەنها گۆڕینی گرووپێکی حاکم بە گرووپێکی تر نییە، بەڵکوو سنووردارکردنی زاڵبوون و کردنەوەی ڕێگا بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد، یەکسان و خۆبەڕێوەبەرە.

لەوانەیە نهێنیی مانەوە و کاریگەریی مێژوویی ئەم دروشمەش لە هەمان خاڵەوە سەرچاوە بگرێت؛ چونکە لە ئاستی داواکارییە ڕۆژانەکان تێدەپەڕێت و دەگاتە بنەڕەتیترین پرسیاری سیاسەت: چۆن دەتوانین کۆمەڵگایەک دروست بکەین کە تێیدا هیچ کەس، هیچ چینێک، هیچ ڕەگەزێک یان هیچ ناسنامەیەک بەسەر ئەوی تر زاڵ نەبێت؟

ژن، ژیان، ئازادی!
نە ملا، نە شا!

Fediverse Reactions
,